لاوانه‌وه‌یه‌ک بۆ رۆزا

'بۆ تاقه‌ کچه‌که‌م که‌ له‌‌ چوارده‌مین به‌هاری ته‌مه‌نیدا‌ به‌ کاره‌ساتێکی

دڵته‌زێن ماڵئاوایی لێکردین'

 

دێته‌ بیرت،

گوتم: "رۆزا!

له‌ ته‌نیایی زۆر ترساوم..

ده‌گه‌ڵ کۆچی خۆشه‌ویستان،

من گه‌چراوم، زۆر گوشراوم..

به‌ ناخواستی و

به‌ نابه‌دڵی،

وا له‌ کاروان هه‌ڵبڕاوم..

تکا ده‌که‌م؛

تاقه‌ کچم!

سه‌فه‌ر نه‌که‌ی له‌ زوو وه‌ختا!"

ئه‌تۆی گوڵیش،په‌یمانت دا،

له‌گه‌ڵم بی له‌ پایته‌ختا!

که‌چی ئێسته‌ زۆر زوو وه‌خته

کچی بابه‌ی بۆ کوێ ده‌چی؟! 

ره‌وشی سه‌فه‌ر گه‌لێ سه‌خته‌ 

بۆ مل ده‌نێی،په‌له‌ت له‌چی؟!

پایز نیه‌، له‌گه‌ڵ پۆلی باڵنده‌کاندا هه‌ڵبفڕی!

به‌هار نیه‌و له‌نێو ره‌وه‌ی کارمامزاندا جێ بگری!

کاتی کۆچ و کۆچبار نیه‌،

بارگه‌و بنه‌ت بۆ تێکده‌نێی؟!

له‌ کێ فێربووی،

وێنه‌ی بێری ره‌وه‌نده‌کان تۆ رێ بگری؟!

***

کچم رۆزا!  

تاقه‌ گوڵی ئینجانه‌که‌ی دڵی بابه،

تۆ نه‌تبینی

سه‌فه‌ری تۆ دنیای داگرت له‌ سه‌رابا،

ئاسمان گریا،

فرمێسکی بوون به‌ خۆڵباران!

له‌پڕ به‌سه‌ر ژیان رژان،

من وێران بووم،

سه‌رتاپای شاری داڕمان!

له‌ کاره‌سات گه‌وره‌تره ‌

من ناوه‌که‌ی ئه‌و‌ نازانم!!

له‌ خه‌م و ژان پڕ سۆتره ‌

ده‌مسووتێنێ و هه‌راسانم!

رۆزای گوڵم،جاران دڵم؛

ده‌شتێکی پان و به‌رین بوو،

کانیاوه‌کانی به‌هه‌زار،

چوار وه‌رزی ساڵی له‌به‌هار،

به‌ڵام ئێسته،له‌ دوای کۆچت 

بیابانێکه‌ بێ سه‌وزایی،

ئاسمان خنکاو، زه‌وین برژاو

تا چاو بڕکات له‌ ته‌نیایی.

****

کچم رۆزا

هه‌ناسه‌ تاقانه‌که‌ی من،

سه‌فه‌ری تۆ، هه‌ستی لێکردم به‌ دوژمن،

جاران وره‌م قه‌ڵاێکی پۆڵایین بوو،

قولله‌کانی پاسه‌وانڕێژ،

روو له‌ هه‌تاوی ئه‌ڤین بوو،

به‌ڵام ئێسته‌،

ده‌ست له‌ ئه‌ژنۆ، دۆش داماوه‌،

چاوگه‌ی بوونی لێ گۆڕاوه‌،

هه‌وره‌ بانی داڕماوه‌،

له‌ هه‌ر چوار لا،

خێڵی دوژمن تێیئاڵاوه‌..

جاران حه‌زم،

پۆلێ په‌پووله‌ی باڵ نه‌خشین

ده‌م به‌ خه‌نده‌

به‌سه‌ر هه‌وراندا هه‌ڵده‌فڕین

به‌ڵام ئێسته‌،

باڵشکاون،

به‌دیار مۆمی کوژاوه‌مدا

دوای شین گێڕان، هه‌ڵکورماون.

 

***

کچم رۆزا،

خوشکه‌ تاقانه‌ی پێنج برا،

سه‌فه‌ری تۆ، به‌ندی رۆح بوو

له‌پڕ پسا..

هێشتا زوو بوو

هێشتا پێکی کۆنه‌ زامم به‌لێوه‌بوون

هێشتا چه‌ندین بوتڵی خه‌مم به‌پێوه‌بوون

هێشتا ده‌یان کۆستی دیکه‌م له‌ جێوه‌بوون

به‌ڵام باڵام دارته‌لی سه‌رشه‌قام ئاسا،

راست و ره‌وان بوو به‌‌پێوه‌،

که‌چی ئێسته‌،دوای کۆچی تۆ

گۆچانێکی قه‌لۆغانی،

به‌ده‌م کزه‌با به‌رێوه‌.

کچم رۆزا،

گه‌ر ده‌توانی،

بۆ یه‌ک چرکه بگه‌ڕێوه‌،

ده‌نا جارێک،به‌ تیله‌ی چاو

سه‌رنج بده‌ هه‌ر له‌ جێوه‌..

***

کچم رۆزا،پێمگوتبووی:

من له‌ ته‌نیایی ده‌ترسم،

ئێسته‌ له‌ دوای سه‌فه‌ری تۆ،

له‌ ته‌نیایی ته‌نیاترم..

خۆ ده‌تزانی من به‌ گه‌رما بێزار ده‌بم

ئه‌دی بۆچی گڕی سه‌فه‌رت تێگرتم؟!

ئیدی ئێستا به‌و سه‌فه‌ره‌ت

دڵم داغه‌و زۆر له‌ ئاگر گه‌رمترم!

کچم رۆزا!  

 سه‌فه‌ری تۆ ترسناک بوو،

من خۆم بینیم 

نه‌وت و ئاگر تێتئاڵابوون

په‌ڕه‌ی گوڵی جه‌سته‌ی تۆیان هه‌ڵده‌پڕوکاند‌،

رامکرد به‌رسینگم لێ گرتن،

به‌ڵام ئه‌وان خێراتر بوون،

له‌ ناخه‌وه‌ رۆحی منیشیان ده‌بژاند..

بۆیه‌ ئێستا دوای کۆچی تۆ 

 ئازارو ژان 

چڕنووک له‌ رۆحم گیر ده‌که‌ن ،

هزرو ده‌روونم گڕ ده‌ده‌ن،

رۆژێ سه‌د جار ده‌مگریێنن.

داخ و که‌سه‌ر

گڕكانێکن،

 رۆژێ سه‌د جار ده‌مسووتێنن

 

 

کۆتایی شوباتی 2010

هه‌ولێر